بە گوتاری یەکگرتوویی و ئاشتیی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد

0
5434

بە گوتاری یەکگرتوویی و ئاشتیی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد ، ناوەندی کوردیسم ، بەرەو دامەزراندنی حکوومەتی کاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە و دوورخراوەیی دا، هەنگاو داوێ.
بە بێ دەمارگرزیی حیزبایەتی و بە بێ وەبەر چاو گرتنی بیرو باوەڕ و ئایین و ئیدێئۆلۆزی و تەنیا لە ژێر ناوی نەتەوەی کورد، پێویستیمان بە هاودەنگی و پاڵپشتی و یەکگرتوویی هەیە .
ئامانجی سەرەکی و گشتیمان وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانییە لە خاکی پیرۆزی کوردستان.
هەموومان پێکەوە بە هەموو ڕەنگ و جیاوازییە سیاسی و فکرییەکانەوە هەنگاو بەرەو دامەزراندنی حکوومەتی کاتیی کوردستان لە تاراوگە داوێین و پێکەوە کار بۆ سەقامگیریی ئاشتی و دێموکراسی و دروستکردنی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و ئاوەدان دەکەین.
یاسا و مەرجەکانی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی شووڕای پێکهێنانی حکوومەتی دوورخراوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە
لە ڕێگەی ماڵپەڕی کوردیسم، بە مەبەستی دامەزراندنی حکوومەتی جێگرەوە و لە دوورخراوەیی و تاراوگە دا ئێوە دەتوانن پاش خوێندنەوەی یاسا و مەرجەکانی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە دا دەنگ بە بەربژێر و کاندید و کەسی جێگەی باوەڕ و متمانەی خۆتان بدەن.
هەڵبژاردنەکە تەنیا لە سایت و ماڵپەڕی کوردیسم بەڕێوە دەچێ.
لە بەشی لیستی کاندید و بەربژێرەکان دەتوانن ناو و ژمارەی سەرجەم بەربژێرەکان ببینن.
هەر کەسەی دەتوانێ لە یەک تا ٥٠ کەس هەڵبژێرێ و دەنگی پێ بدا.
دوای هەڵبژاردنی ناوەکان ، پێویستە دوگمەی پەسەند کردن لێ بدەن.
لە هەر کامپیوتێرێکەوە تەنیا یەک جار دەتوانن دەنگ بدەن.
ئەنجامەکان دەتوانن بە شێوەی زیندوو و ڕاستەوخۆ ببینن.
مەرجەکان بۆ بەربژێر بوون:
– هەموو کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بێ، مافی ئەوەی هەیە کە ناوی خۆی وەک بەربژێر و کاندید تۆمار بکا.
– پێویستە فۆڕمەکە بە دروستی پڕ بکڕێتەوە، چونکە ئەو فۆڕمانەی بە هەڵە یا ناتەواو پڕ دەکرێنەوە ناخرێنە لیستی بەشداربوانەوە.
پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن لە ماڵپەڕی کوردیسم بەو چەشنەیە کە ئەگەر کەس یان کەسانێک بە مەبەستی تەقەلوب و تەزویر کردن و زیاد کردنی دەنگ بۆ کاندید و بەربژێرەکانیان کەڵک لە ئای پی ساختە و جەعلی وەربگرن و بیانهەوێ لە جارێک زیاتر دەنگ بدەن، ئەوە سیستمی خۆکاری بەشی دەنگدان ، هاوکات لە گەڵ نوێبوونەوەی ڕۆژانەی سەرجەم ئەو دەنگانە حەزف دەکا کە بەشیوەی ساختە و تەقەلوب و لە ڕێگەی ئای پی جەعلیەوە دراون .
ئاگادارتان دەکەینەوە کە ماڵپەڕ ئای پی هەموو ئەو کەسانەی کە دەنگ دەدەن لە ناو خۆیدا سێیف دەکا و هەموو ئەوانەش کە سیستمی ئەمنیی سایت وەک جەعلی و دروستکراو دەیانناسێ حەزف دەکا .
بۆیە داواکارین دەنگدەر و بەربژێرەکان خۆیان لە جەعلکردن بپارێزن ، چونکە ئامانج بەڕێوەبردن و بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنێکی سالم و بێ فێڵ و گرێ و گۆڵە .
لە داهاتوو دا سەرجەم ئەو ئای پییە جەعلیانە بۆ ئەوەی ڕای گشتی لێێ ئاگادار بێ بڵاو دەکەینەوە و بە بەڵگەوە نیشان دەدەین کە چ کەس یان کەسانێک لە هەوڵی زیادکردنی دەنگەکانیان دا بوون لە ڕێگەی تەزویر و جەعلەوە .
لە کۆتاییدا دەستەی بەڕێوەبەری و هەڵبژاردنی ناوەندی کوردیسم، ئەو کاندید و بەربژێرانە لە قۆناغی دووهەم دا حەزف دەکا کە درێژە بە کاری جەعل و تەقەلوب بدەن و ڕای گشتیی کوردستانی لێ ئاگادار دەکەینەوە .

هەروەها بە ئاگاداریی گشت هاونیشتمانان دەگەیەنین کە:

پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەربژێر و کاندیکراوەکانی شورای پێکهێنانی حکوومەتێكی کاتی و دیفاكتۆ بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات لە ڕۆژی ٩ی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی (( ١٣٩٩/٠٣/٠٩)) ڕا دەستی پێکردووە.

‎پڕۆسەکە بریتی دەبێ لە دوو قۆناغی سەرەکی:
‎- قۆناغی هەڵبژاردن
‎- قۆناغی دوای هەڵبژاردن
‎لە قۆناغی یەکەم دا دوو خولی هەڵبژاردن بەڕیوە دەچێ:
‎خولی یەکەم: لەو خولە دا کەس یان کەسانێک خۆیان بەربژێر دەکەن و لە لایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدەدرێ و تا ڕۆژی
٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی خەڵک و چالاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە و ناوخۆ دەتوانن خۆیان بۆ بەشداری کردن وەک کاندید و بەربژێر ناونووس بکەن . ئەم خولە تا ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی درێژەی دەبێ و بەو شێوەیە خولی یەکەم کۆتایی پێدێ.

‎ئەوانەی لە خولی یەکەمدا توانیوایانە دەنگی یەکەم تا ٩٩ بەدەست بێنن، دەچنە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکەوە.

‎خولی دووهەم: هەڵبژاردن و دەنگدان لە نێوان کەسانی یەکەم یا نەودونۆیەم دا دەکرێ و لە ئەنجامدا ٦٩ کەس دەنگیان پێدەدرێ و دەچنە قۆناغی کۆتایی و گرتنی کۆنگرە.

‎لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی را تا ڕۆژی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی دەنگدان بۆ خولی دووهەم بەڕێوە دەچێ.

پاش کۆتایی خولی دووهەم دەچینە قۆناغی دوای هەڵبژاردن و کۆبوونەوە بۆ ڕێکخستنی کۆنگرە دەست پێدەکا.

‎کۆنگرە واتە پارلەمان لە تاراوگە ئەركی ساغكردنەوەی كابینەی حکوومەتی دیفاكتۆی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆ دەبێ، بۆیە:

‎پاش ڕاوێژ و راوێژكاری لە گەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکان، دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی کوردیسم لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ ی هەتاوی لە یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی کۆنگرە دەگرێ و لەوێدا لە فەزایەکی دێموکراتیک دا و بە بەشداریی هەموو ئەندامانی سەرکەوتوو، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پۆست و بەرپرسیارەتی وەزارەتەكانی كابینەكە دیاری دەکرێن و حکوومەتی دیفاكتۆی تەوافوقی، ئینتقالی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە و دوورخراوەیی دا ڕادەگەیەندرێ و دەست بە چالاکییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکا و لە ئاستی ناوخۆییش هەوڵ بۆ تەبایی و یەکڕیزیی و مودیریەتی خەباتی ناوخۆی وەلات دەدا، و چەخماخەی پڕۆژەی ئاشتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات لێدەدرێ.

‎ئەرکەکانی حکوومەتی کاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات ، بەكەڵكوەرگرتنی لە پێكهاتەكانی وەك پارلمان و وەزارەتەکان بەشێکی بریتی دەبێ لە:
‎حكومەتی کاتی وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی خاوەن بریار لە گۆرەپانی شەڕ و ئاشتی روو لە یار و نەیار دا، ئەركی ناوەندێكی خاوەن بریاری نەتەوەیی بەجێدەگەیەنێت.

بەشیک لە ئەرکەکان:

‎هەوڵدان بۆ لابیگەری و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمانی دەرەکی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات،
‎هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد .
‎دروستکردنی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگە یا سوپای میللی کوردستان یا هەر ناوێکی پەسەند کراو لە لایەن حکوومەتی کاتیەوە.

‎دروستکردنێکی ئادرەسێکی بە هێز بۆ هەموو ئەو وڵات و هێزانەی دەخوازن یارمەتی یا تەعامول لە گەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بکەن.

‎لە کۆتاییدا پرسیاری زۆرمان ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە لە بەر چ هۆکارێک بەڕێوەبەرانی ئەو پڕۆژەیە بە نهێنی کار دەکەن و خۆیان ئاشکرا ناکەن.

‎وەڵام:

ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو ڕاستییەی بۆ سەلماندووین کە ئەگەر لایەنێک بە ئاشکرا پڕۆژەیەکی دابێ، ئەوە لە لایەن لایەنەکانی دیکەوە وەڵامی ئیجابی وەرنەگرووە و هیچ کام لە هێزەکان ئامادە نەبوون، بچنە ناو پڕۆژەیەک کە هێزێکی کوردستانی بە تەنیا پێشنیاری داوە.

‎بە داخەوە تا ئێستاش بۆ کاری هاوبەش و بە کۆمەڵ و جەمعی ڕانەهاتووین و بەرانبەر بە یەکتر ،ئەوەندە دژ کردەوەمان هەیە کە بەرانبەر بە دوژمن زۆر جار نەرم و نیانتر بووین.

‎زۆر جار ئەگەر لایەنێک پڕۆژەیەکی ڕێک و پێک و شیاویشی دابێ، دیتوومانە کە لایەنەکانی دیکە پشتگوێیان خستووە.

‎ئەرکێکی لەو چەشنە ، پێویستی بە کەسانێکە کە بۆ سەرخستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ خۆبەخشانە و وەک سەربازی ون چالاکی بکەن و هەوڵی جیددی بدەن بۆ کۆکردنەوەی هێز و کەسایەتییە سیاسیەکان لە دەوری یەک مێز و یەک ژووری هاوبەش کە تەنیا بەرژەوەندییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تێدا کۆ بکرێتەوە و کاری بۆ بکرێ.

‎ئێمە وەک ڕێکخراوی کوردیسم، وێڕای ڕێز و خۆشەویستی و ئەمەگناسی بەرانبەر بە خەبات و قوربانیی هەموو هێز و حیزب و لایەنەکان، وەک لایەنێکی سەربەخۆ و بە دوور لە دەمارگرژیی حیزبایەتی هەنگاو بۆ کۆبوونەوە لە دەوری یەک داوێێن .

‎داوامان لە هەموو خەڵکی کوردستان، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ڕزگاریی نەتەوەیی پاڵپشت و هاوکار و یاریدەدەرمان بن .

Leave a Reply