هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە

0
1460

‎پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەربژێر و کاندیکراوەکانی شورای پێکهێنانی حکوومەتێكی کاتی و دیفاكتۆ بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات لە ڕۆژی ٩ی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی (( ١٣٩٩/٠٣/٠٩)) ڕا دەستی پێکردووە.

‎پڕۆسەکە بریتی دەبێ لە دوو قۆناغی سەرەکی:
‎- قۆناغی هەڵبژاردن
‎- قۆناغی دوای هەڵبژاردن
‎لە قۆناغی یەکەم دا دوو خولی هەڵبژاردن بەڕیوە دەچێ:
‎خولی یەکەم: لەو خولە دا کەس یان کەسانێک خۆیان بەربژێر دەکەن و لە لایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدەدرێ و تا ڕۆژی
‎٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ خەڵک و چالاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە و ناوخۆ دەتوانن خۆیان بۆ بەشداری کردن وەک کاندید و بەربژێر ناونووس بکەن . ئەم خولە تا ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٩ درێژەی دەبێ و بەو شێوەیە خولی یەکەم کۆتایی پێدێ.

‎ئەوانەی لە خولی یەکەمدا توانیوایانە دەنگی یەکەم تا ٩٩ بەدەست بێنن، دەچنە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکەوە.

‎خولی دووهەم: هەڵبژاردن و دەنگدان لە نێوان کەسانی یەکەم یا نەودونۆیەم دا دەکرێ و لە ئەنجامدا ٦٩ کەس دەنگیان پێدەدرێ و دەچنە قۆناغی کۆتایی و گرتنی کۆنگرە.

‎لە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ را تا ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان دەنگدان بۆ خولی دووهەم بەڕێوە دەچێ.

پاش کۆتایی خولی دووهەم دەچینە قۆناغی دوای هەڵبژاردن و کۆبوونەوە بۆ ڕێکخستنی کۆنگرە دەست پێدەکا.

‎کۆنگرە واتە پارلەمان لە تاراوگە ئەركی ساغكردنەوەی كابینەی حکوومەتی دیفاكتۆی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆ دەبێ، بۆیە:

‎پاش ڕاوێژ و راوێژكاری لە گەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکان، دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی کوردیسم لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی لە یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی کۆنگرە دەگرێ و لەوێدا لە فەزایەکی دێموکراتیک دا و بە بەشداریی هەموو ئەندامانی سەرکەوتوو، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پۆست و بەرپرسیارەتی وەزارەتەكانی كابینەكە دیاری دەکرێن و حکوومەتی دیفاكتۆی تەوافوقی، ئینتقالی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە و دوورخراوەیی دا ڕادەگەیەندرێ و دەست بە چالاکییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکا و لە ئاستی ناوخۆییش هەوڵ بۆ تەبایی و یەکڕیزیی و مودیریەتی خەباتی ناوخۆی وەلات دەدا، و چەخماخەی پڕۆژەی ئاشتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات لێدەدرێ.

‎ئەرکەکانی حکوومەتی کاتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات ، بەكەڵكوەرگرتنی لە پێكهاتەكانی وەك پارلمان و وەزارەتەکان بەشێکی بریتی دەبێ لە:
‎حكومەتی کاتی وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی خاوەن بریار لە گۆرەپانی شەڕ و ئاشتی روو لە یار و نەیار دا، ئەركی ناوەندێكی خاوەن بریاری نەتەوەیی بەجێدەگەیەنێت.

بەشیک لە ئەرکەکان:

‎هەوڵدان بۆ لابیگەری و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمانی دەرەکی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات،
‎هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد .
‎دروستکردنی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگە یا سوپای میللی کوردستان یا هەر ناوێکی پەسەند کراو لە لایەن حکوومەتی کاتیەوە.

‎دروستکردنێکی ئادرەسێکی بە هێز بۆ هەموو ئەو وڵات و هێزانەی دەخوازن یارمەتی یا تەعامول لە گەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بکەن.

‎لە کۆتاییدا پرسیاری زۆرمان ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە لە بەر چ هۆکارێک بەڕێوەبەرانی ئەو پڕۆژەیە بە نهێنی کار دەکەن و خۆیان ئاشکرا ناکەن.

‎وەڵام:

ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو ڕاستییەی بۆ سەلماندووین کە ئەگەر لایەنێک بە ئاشکرا پڕۆژەیەکی دابێ، ئەوە لە لایەن لایەنەکانی دیکەوە وەڵامی ئیجابی وەرنەگرووە و هیچ کام لە هێزەکان ئامادە نەبوون، بچنە ناو پڕۆژەیەک کە هێزێکی کوردستانی بە تەنیا پێشنیاری داوە.

‎بە داخەوە تا ئێستاش بۆ کاری هاوبەش و بە کۆمەڵ و جەمعی ڕانەهاتووین و بەرانبەر بە یەکتر ،ئەوەندە دژ کردەوەمان هەیە کە بەرانبەر بە دوژمن زۆر جار نەرم و نیانتر بووین.

‎زۆر جار ئەگەر لایەنێک پڕۆژەیەکی ڕێک و پێک و شیاویشی دابێ، دیتوومانە کە لایەنەکانی دیکە پشتگوێیان خستووە.

‎ئەرکێکی لەو چەشنە ، پێویستی بە کەسانێکە کە بۆ سەرخستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ خۆبەخشانە و وەک سەربازی ون چالاکی بکەن و هەوڵی جیددی بدەن بۆ کۆکردنەوەی هێز و کەسایەتییە سیاسیەکان لە دەوری یەک مێز و یەک ژووری هاوبەش کە تەنیا بەرژەوەندییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تێدا کۆ بکرێتەوە و کاری بۆ بکرێ.

‎ئێمە وەک ڕێکخراوی کوردیسم، وێڕای ڕێز و خۆشەویستی و ئەمەگناسی بەرانبەر بە خەبات و قوربانیی هەموو هێز و حیزب و لایەنەکان، وەک لایەنێکی سەربەخۆ و بە دوور لە دەمارگرژیی حیزبایەتی هەنگاو بۆ کۆبوونەوە لە دەوری یەک داوێێن .

‎داوامان لە هەموو خەڵکی کوردستان، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ڕزگاریی نەتەوەیی پاڵپشت و هاوکار و یاریدەدەرمان بن .

‎شووڕای بەڕێوەبەریی ناوەندی کوردیسم

‎١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی

Leave a Reply